سەفەر چارەنوسە، بە ناچار ڕۆیشتم، تۆ مەگری
ئەسیرم، ئەسیرم بە یاسای ڕۆژگار، تۆ مەگری
لێرە ڕۆژ هەر شەوە، هەر شەوە، شەوەزەنگ میوانە
تەنانەت تۆشم ون کردوە لەم سیە شەوانە
گەرچی دوورە شوێنم، شوێنەکەم بەردینە سنورە
نێوانمان پردی کاخەزینە، بەڵام دوورە دوورە
من لێرە شەوانە خەونی پەنجەرەکان ئەبینم
ئەزانم خەونم لێ زەوت بکەن، مەحاڵە بمێنم
من ئەڕۆم و ئەڕۆم تا ئاواتی گەشی گەیشتن
تۆ مەگری، با ئەژنۆم نەلەرزێ لە کاتی ڕۆیشتن
گەر شەپۆل بێتە داو یان شەماڵ بوەستێ لە شوێنێ
ڕووحی تینووی منیش ئەوەستێ و لە شوێنێک ئەمێنێ
گریانت نەرمە بای بەسۆزی ئاخرین ئاهەکان
تۆ مەگری، با دڵی ناسکی گوڵەکان نەیەتە ژان
گریانت شرۆڤەی چۆلەکە و هێلانە و ڕەشەبا
پەژارەش قەفەس و قەنارەی ژووری تاک و تەنیا
هۆنراوە: سیمین چایچی