لە دەرگام مەیە ئازیزم
ئەم ھێمنیە مەشێوێنە
با گوڵی ڕەشی من بژین
ھەر بێدەنگی دارستانی ئەم سەرە بوو
لە کرانەوەی خونچەیەکیا ئەشقیان سووتان
لە دەرگام مەیە ئازیزم، تازە بەسەرچوو
لە ئاسمانی ئەم دڵە سەر سامەیا
چی باڵندەی ئەشق ھەیە سەفەریان کرد
نایەنەوه
لەم ھەوارە بۆ ساتەکیش
وەرزێ نیە جێی بێتەوە
چەند پەڵە ھەور تا دوا فرمێسک
دابارین و پاڕانەوە
نەیانتوانی گوڵە زویرەکانی ناو دڵم ئاشتکەنەوە
لێم ببورە ئەم دەرگایە ناکرێتەوە
ماچی ژەھر و دەستی مس و
سوێندی درۆی سەر بەر ماڵە چڵکنەکان
دەرگاکانیان لێ کلیل دام
لە ڕۆژ باشا خۆریان لە بەر پێم سەربڕی
لە شەو باشا ئاوەنەی مانگ لە بەر چاوما ھەڵیانوەران
چ ئەستێرەی ئاواز ھەیە لە ئەشقێکما ھەڵیانفران
سوێندی درۆی سەر بەر ماڵە چڵکنەکان
دەرگاکانیان لێ کلیل دام
لە دەرگام مەیە ئازیزم
لەم ھەواری گومانەدا
نە رەشەبایە ھەڵ ئەکا
نە شەونمێ ئارایشی باخم ئەکا
ئەلقەی یەقین سەرینەکەی
لێ کردمە جێگای گومان
لە دەرگام مەیە ئازیزم
تازە بەسەرچوو
کەشتییەک بێ چارۆکەم
خۆم داوەتە دەم شەپۆلێکی سەر شێت
و ھەڵم ئەگرێ، بۆ ئەبەدی
بەرەو تاریکی دەروونی خۆمم ئەبا