قژی نەرمت ، وەکو تاڵی خۆرەتاو
لەسەر قۆڵۆ شانی سپی ، پەرشوخاو
نەغمەی شیرین ، ئاوازی خۆش لە دەنگا
ورشەی سەرنج ، لەناو چاوێکی مەنگا
خاڵێکی کاڵ ، نەخشێکی جوان ، لەسەر ڕوو
بەژن و باڵات ، وردیلە و ڕێک و هەڵچوو
زەردەخەنەی ئەو ڕووە ، هی ئەو لێوە
فریشتەی هەست ، هی ئەم دڵە بزێوە
وای لێ ئەکات ، بێتە سەما و گۆرانی
بلەرزێنێ تەلی ئاوازی جوانی
درەختەکەی ، سەر کانێکەی باخی چەم
پێ ئەکەنێ ، گەڵی ئەڵێن : پڕ بەدەم
لە بیرمانە ، مناڵ بوون لەو باخا
زەردەی دەمتان ، ئەدا بەپشتی داخا
تۆ بڕوانە ئەو کانییە نازدارە
ئێستەش وێنەی هەردوکمانی لێ دیارە