بڕوانە چ بێڕەحمە لەگەڵ ئاشقی مەبهووت
تینوومە بە یەک قەترە لە لێوی وەکوو هارووت
سروەی سەحەری هات و هەموو خونچە بە گوڵ بوو
خونچەی دڵی من یا دەمی تۆ بۆ چی نەپشکووت
ئیعجازی مەسیحایە لەبی لەعلی درەخشان
سیحر و هونەری بابلە دوو چاوی بەجادووت
چوونی منی بێچارە لەبۆ مەعبەد و مزگەوت
بۆ دیتنی میحرابە کە تەشبیهە بە ئەبرووت
بۆ قیمەتی تۆ تاجی کەی و تەختی سولەیمان
کێشانە بکەن سووکە لەناو تایی ترازووت
«قانع» کە وەها قانعە بەم بەختە ڕەشەی خۆی
چون نیسبەتی هەس بەختی ڕەش و نوختەیی هیندووت