هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵ دە، بەس بگری
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم، کۆرپەڵەم، میوانی دونیای تازە خوڵقاوم
ئەدا گریەت، بە زەبری چز، لە ڕۆحی پڕگلاراوم
چیە ئەم گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو، خورپێن؟
چیە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لە سەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چیە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ
چیە کۆرپهم؟ چ سڕێکە وەها مەحکوومی گریانی؟
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی، لە مانای گریە نازانی
ئەگەر وەک دایک حەسرەت دیدەکەت، ڕهنجت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت، بە دەم باوە بپێژایە
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی، بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵێ ڕێشت
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری، لە ئێستاوه
بە چی دیاره کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
هۆنراوه: عەبدوڵڵا گۆران