گەربواری داینەوە ڕۆژگاری چەووت
جاریکی تر یەکمان بینی بەڕێکەوت
نەکەی هەروا بە نیگایەک بەڕێم کەی
بە ڕووخسارما بڕوانی لێم تێدەگەی
بەفری تەمەن باریوە سەردەمێکە
هەرتاڵێکی قژم باسی خەمێکە
وەک ڕەوەندان چۆن ئەڵوەدای کوێستانن
یان برسیان چەندە لە خەمی نانن
وەک شنەی بای هۆگری پەلکی داران
وەک تینوێتی ووشکە ساڵێ بۆ باران
ئاوا منیش بۆ دیدارت پەرۆشم
خەیاڵی تۆ تەنیویە بیر و هۆشم
دەستی ڕۆژگار خۆزگەی کردم بە بریا
بێ ناز کەوتم دڵم وەک کۆرپە گریا
بۆیە چاوم ئێستاش پڕ لە ئەسرینە
ساڕێژ نابێ برینی ئەو ئەوینە
هەموو تەمەن لەگەڵ خۆما ئەیگێڕم
ئەو زامەیە هەوێنی ووشە و دێڕم
گوڵێ نەبووی لەپاش وەرزێ بژاکێی
ڕەنگە خۆشت نەزانی وەک من تۆ کێی
حەزێ نەبووی پاش ساڵانێ بەسەرچی
تۆ ئەو هەستەی لەگەڵ ڕووحا دەرئەچی
بێ ویستی من دەستی زەمەن وای هێنا
کە تۆ ڕووح بی من بەچی بتکەم وێنا
هۆنراوەی: هێمن مام نادر