سەدان چەکی سارد سێرەیان لێگرتم
لە یەک کاتدا سەدان دەست چوونە سەر ماشە
دایە لە ژێر سێبەری دارەبییەک، دامیانە بەر دەسڕێژ
ئەو مناڵەی دڵت نەدەهات ماچی بکەی، بە عەردا کەوت
هێرشیان کردمە سەر کەمتیارەکان
لە گشت لاوە جەرگ و دڵیان شەقار کردم
وەک کەلاکێ هەنجن بە هەنجنیان کردم دایە
وەهاش خستیانمە بەر چاوت بۆ ئەوەی بمناسیتەوە
تاڵ و سوێری سەر ڕووی زەویم
یەک بە یەک چێشت
تێک ڕووخام، تووتن تێکەڵ بە نانم بوو
لەسەر یەک بە میلیۆن جار سوتاندیانم
مینا مەلی قەقنەس، دایە
لە خۆڵمێشم خۆم ژیاندەوە
شەوەکان من دەناسن، ڕادەشکێم و دەڕۆم
شەوەکان من دەناسن، هەناوم خوێن دەبارێنێ
لە یادم کە، دایە
لە ناو جەرگەی تاریکیدا، سوور دەچێنم و ڕەش دروێنە دەکەم
دڵم بەش دەکرد، لەسەر تاوانا گرتیانم
مەچەکی دەستمیان بە کەلەپچە هێشاند
من کۆ بە کۆ شەڕڤانی ڕێی هیوام، دایە
بۆ توسقاڵێ عەشق چاوەکانم داغکرد
پرۆمیتۆس بووم، ساتەوەختی بزمارڕێژ بوون لەسەر زنارەکان
جەرگ و دڵم کرد بە خۆراکی داڵەکان
سپارتاکۆس بووم، لە هاواری کۆیلەکاندا
بووم بە خۆراکی شێران و تێداچووم
یۆسف بووم لە نێو چاڵی ڕەشدا
لە دەشتی کەربەلاش، حوسێن
لە گرتووخانەکاندا پاشای جەم و لەسەر مێزەکان پیرسوڵتان
ئەمە چەندین مەرگ و چەندین ژیانەوەمە
ئاگرم لە خوداکان ڕفاند
سەدان ساڵ کەوتمە ناو ئاگر و زۆر جار سووتام
مینا مەلی قەقنەس دایە، مینا مەلی قەقنەس
لە خۆڵمێشم خۆم ژیاندەوە