ئەم مرۆڤە ، هەندێ جار لە تەنهاییدا
خەمەکانی وەك چرا دادەگیرسێێ
هەندێ جاریش چەپکێ هەتاوی سەربڕاو هەڵدەگرێ
وەك شێت بەناو کۆڵانەکاندا دەگەڕێ
ئەم مرۆڤە ، وەك تۆ ژیانی پێ خۆشە
کاتێ لەگەڵ یارەکەیا سەما ئەکا
یان لە کەناری ڕووبارێك دادەنیشێ
وا دەزانێ ، وا دەزانێ ، وا دەزانێ
سواری ئەستێرەکان بووە و بەناو گەردووندا ڕادەکا
بەڵام کاتێ کە دەبینێ نیشتیمانی لەسەر شۆستەکان کەوتووە
نیشتیمانی لە ژێر سێبەری چەقۆدا ملکەچ بووە
بە دەنگی بەرز هاوار ئەکا ، دەرگای شار بەرد باران ئەکا
دەم و چاوی پاشاکانی بە تف سواغ ئەدا
ئەم مرۆڤە ، لە گۆشەیەکی ئەم دنیا بەرینە
چاوەکانی بە بارتەقای پانی گەردوون کردۆتەوە
ئەڵێی تەنها ئەم جارەیە ئەم زەمینە وا دەبینێ
ئەڵێی یەکەم جارە زەمین بە ڕوویەوە پێبکەنێ
چاوەکانت بە بارتەقای پانی گەردوون کردۆتەوە
بە هێمنی لە ڕۆژگار و بیر لە ژیان ئەکیتەوە
ئەوەتانێ بەم نیوەشەوە سامناکە، بەم بەفر و باوبۆرانە
ئەم زەمینە بۆ باوەشی حەقیقەتی ئەبەیتەوە
ڕەفیق سابیر