گەر گەیشتن بەیەک ئازادی بێ، هەردووکمان ئازادین
دەستەکان تێکەڵی یەک بوون وەکو دوو دنیا کە پەرۆشی یەکن
بەریەک ئەکەوتین وەکو دوو ڕووبار کە بەر دوو شاخ ئەکەوێ
جارێک یەکترمان دی لە چوار ڕێیان
جیابوونەوەمان لەبیر کرد، ماچی ماڵئاواییمان کرد
ئەوسا ئەکەوتینە گۆرانی وتن
باڵندە شینەکەی بەختەوەریش گۆرانی ئەوت لە باخەکەمان
گەر ئازار چەشتن ئازادی بێ
هەردووکمان ئازادین
ئەو چۆلەکەیەکی بێ هێلانەی سەر چیلکەیە
منیش باڵندەی کەناری ناو قەفەسم
ئەو پیاسە دەکا لە چڵێکەوە بۆ چڵێکی تر
دڵی خۆی بە بادا هەڵکردووە
من دڵی خۆم بەش بەش کردووە
سەرم هەڵگرتووە لەسەر ئەژنۆیەکان
لە کاتێکدا خۆشەویستی واتا بەدوادا گەڕان
لە کاتێکدا خۆشەویستی واتا غەریبی کردن
بەردەوام دۆزینەوەو ون کردنە
وەکو یارییەکی دەست که زۆرت خۆش دەوێ
درۆیە هەمووی درۆ
شتێک هەیە بەناوی خۆشەویستی
شتێک نییە بەناوی خۆشەویستی
ئازارم چێشت بە چەندەها ڕۆژ
ئازارم چێشت بە بێ دەنگی
لەم میواندارییە کورتەدا
لەگەڵ پشێوی زەمیین لەرزەدا
ژیان چەند هەزار ساڵێک
بە خووگرتن لەگەڵ ئازاردا
گەر ئازار چەشتن ئازادی بێ
هەردووکمان ئازادین
ئەوەی لە ئازاردا ماوەتەوە
ئەوەتا ئەو نیگایانەبوون
هەڵمی ناو چاوەکانم
هەورەکان بوونە هۆکاری خۆرئاوابوون
درۆیە هەمووی درۆ
کاتی ڕۆیشتنە بێ ئاوڕدانەوە
لە خولگە کۆچەرییە جیاوازەکان