قژ کاڵی،لێو ئاڵی،پرشنگی نیگا کاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ
ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەمو چاو،مەچەک هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی،نەرمۆڵەی،ئێسک سووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هیی بووک
ڕاستە من ڕێبوارم،سەر پێی ئەڕوانم
بەلام وا جوانی تۆ کاری کرد لە گیانم
ئەڵێی،نەک هەر ئێستا،عومرێکی درێژە
بەو دەست و پەنجانە برینم ساڕێژە
ئەی کچە کاڵەکە،جوانی تر با زۆر بن
لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن
با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری توتڕکا خامۆشە
لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان
لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە
ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە
کانیەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لە بنیا بلەرزێ مرواری زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێسنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ
قژ کاڵی،لێو ئاڵی،پرشنگی نیگا کاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێک ئاڵ
دەربەست نیم ڕێبوارم،دەربەست نیم ڕەوتەنیم
ئەزانی شپرزە و دەربەستی ئێجگار چیم؟
هیی ئەوەی نیگارێک لە یادم کێشراوە
شۆخێکی نایابە،بەڵام ئاخ بێ ناوە