کاتێ من وەکوو
پاسارییەکی ڕاوکراوی تۆ ،
لەرزەلەرزم بوو
لەبەر بارانی شینی چاوی تۆ ،
لە دەنگی تۆدا
بە ئاستەم زەنگی کلێسە لێی دا :
(( کوردم خۆشدەوێ ...
کورد جەنگاوەرە ... ))
سا توخوا وەرە !
خۆ من کوردم و تا سەر هێسک کورد ...
بۆیە ، ببورە گەر لێت بپرسم :
پێم ناڵێی ، بۆچی
هێندە لە ژوانی
بارانی شینی چاوت دەترسم ؟ !